Friday, June 17, 2005

به‌ره‌ی كوردستانی


ڕۆژێك له ڕۆژان كابرایه‌كی پیری ژیر هه‌رای له كوڕه‌كانی كرد و له ده‌وری خۆی كۆكردنه‌وه و هه‌ر یه‌كه‌ی چیلكه‌دارێكی پێدان و داوای لێكردن بیشكێنن، دیاره كوڕگه‌ل له‌ سه‌ره‌خۆ و به‌ سانایی داریان شكاند، به‌ڵام سه‌ریان له‌ كاری باوكیان سووڕمابوو. ئه‌م جار مامه‌پیره چه‌ند داری لێك به‌ست و دایه ده‌ستیان، هه‌رچی كردیان بۆیان نه‌شكا ......


لام وایه كه‌م كورد هه‌یه ته‌نانه‌ت بۆ جارێكیش بێت ئه‌م چیرۆكه‌ی نه‌بیستبێت و باڕه‌قه‌ڵای بۆ بیری كابرای پیر نه‌گوتبێت، به‌ڵام پێم سه‌یره بۆ زۆر كه‌م هه‌وڵمان داوه ئه‌م په‌نده له ژیانمان دا به‌ كار بێنین و كه‌ڵكی لێ وه‌رگرین؟ خۆ ئێمه‌ی كۆیله‌ی داگیركراو زێده‌تر له‌ هه‌موو خه‌ڵكانی سه‌رئه‌م كۆی زه‌ویه پێویستیمان به یه‌كده‌نگی و یه‌كگرتوویی هه‌بوه و هه‌یه.


به ئاوڕێك له‌ مێژوو بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌م نین ئه‌و ده‌رفه‌ته زێڕینانه‌ی به هۆی په‌رش و بڵاوی و ناته‌بایی ناوخۆیی له ده‌ستمان چوون، با زۆر دوور نه‌رۆین هه‌ر" له مه‌یدانی شڕانخێوی خه‌باتی چه‌رخی بیسته‌م دا" كاتێك زۆربه‌ی گه‌لانی دنیا خۆیان ڕزگار كرد و پێناسه‌یه‌كیان بۆ خۆیان سه‌ند، ئێمه‌ی نایه‌كگرتوو له‌ ژێر به‌رداشی به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان و پوستاڵی داگیركه‌رانمان دا "جیق" دراین و هاوارمان به هیچ كوێ نه‌گه‌یشت و سه‌رمان بێ كڵاو مایه‌وه و ئێستاش هه‌ر به‌و ده‌رده‌وه ده‌ناڵێنین.


گومان له‌وه دا نیه هۆكاره ده‌ره‌كیه‌كانی ئازاره‌كانی "كوردستان" گه‌لێك زیاترن له هۆكاره ناوخۆییه‌كان و ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆر له‌و شتانه‌ی به هۆكاره ناوخۆییه‌كان كێشه‌ی كورد ده‌ناسرێن له نێو ئێمه دا نامۆن و ده‌ستكردی داگیركه‌رانن، به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێت هه‌موو كات ئه‌و گله‌ییه‌مان له‌ سه‌ر بوه كه نه‌مانتوانیوه نه‌یانهێشتوین ده‌نگمان بكه‌ین به یه‌ك و لێكڕا به سه‌ر داگیركه‌رانمان دا بگۆڕڕێنین و په‌تی یه‌خسیری له شان و پیلمان داماڵین.



كورد گوته‌نی با له دوای چوان نه‌چین ئه‌گه‌رچی به ناشوكری نه‌بێت حاڵمان هه‌ر ئه‌و حاڵه. هه‌نوكه كوردستان له هه‌ل و مه‌رجێكی زۆر ناسك دایه و هه‌موو سات و كاته‌كان ده‌كرێ ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بێ بۆ گه‌له‌كه‌مان، ڕووداوه‌كان به خێرایی دێن و ده‌ڕۆن، له ڕاستی دا له‌ دوای هاتنه سه‌ر كاری "جۆرج بوش" له ئامریكا و ده‌ست پێكردنی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌كانی به تایبه‌ت له دوای 11 سێپتامبر، جم و جۆڵێكی زۆر كه‌وتۆته هه‌موو جیهانه‌وه. بوش باس له سازدانی ئاڵوگۆڕ له‌ دنیا دا ده‌كا، ده‌وڵه‌ته سه‌ره‌ڕۆكان كێچیان كه‌وتۆته كه‌وڵێ و حه‌جمینیان لێ هه‌ڵگیراوه، زۆر له خه‌ڵكانی دنیاش ده‌ستیان به كڵاوی خۆیانه‌وه گرتوه با نه‌‌ی با، به‌ڵام له بیرمان نه‌چێت بۆ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه ده‌رفه‌تێكه كڵاوێك بۆ خۆمان بدروین و لانی كه‌م به‌شێك له‌ مافه پێشێل كراوه‌كانمان بستێنین و هێندێك له ئازاره‌كانمان ساڕێژ بكه‌ین. به خۆشیه‌وه تا ئێستا ڕووداوه‌كان له قازانجی ئێمه دا بوه و كێشه‌ی كوردیش جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ خۆی كردۆته‌وه. ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌ بیر بێت كه تا ئێستا هیچ مافێك به ڕه‌سمی بۆ كورد نه‌چه‌سپاوه و هه‌ر له قسه دا ماوه‌ته‌وه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دا كه به‌شه‌كانی تری كوردستانیش چاوه‌ڕوانی گۆڕانكارین و كه‌سیش نازانێت ئه‌م گۆڕانكاریه كه‌ی و چۆن ده‌ست پێ ده‌كات و پلانی ئامریكا چیه؟ هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ زیاتر له هه‌موو كات پێویستمان به ژیری نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كدڵی و یه‌كده‌نگی هه‌یه و پێم وانیه‌ كه‌س بتوانێ نكۆڵی له‌م ڕاستیه بكات.


ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر به هه‌زارو یه‌ك هۆی "خۆكرد" و( جێگای گله‌یی) هه‌ڵكردنی "ئاڵا" و ڕاگه‌یاندنی "سه‌ربه‌خۆیی" به خۆمان ڕه‌وا نابینین، هیچ هۆیه‌ك بۆ ئه‌م په‌رش و بڵاویه له ئارا دا نیه.



***********


ماوه‌یه‌كه پێویستی سازدانی "به‌ره‌یه‌كی كوردستانی" له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆته باسی مه‌جلیسان و له زۆر شوێنان باسی لێ ده‌كرێت و هه‌ر كه‌س به شێوه‌یه‌ك له سه‌ری ده‌دوێت. ئه‌م پێویستیه له مێژه هه‌ستی پێكراوه و قسه‌شی له سه‌ر كراوه و له‌م دواییانه‌ دا له لایه‌ن چه‌ند ڕۆشنبیری دڵسۆزی په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران دوباره به‌ڕه‌ی له سه‌ر هه‌ڵدراویه‌وه و به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی "یای مه‌رزه" و "كاك ناسر" له باسێكی ناو حیزبی و كۆڕی و ڕۆشنبیری هاته ده‌ر و به‌ره‌و قووڵایی ڕیزه‌كانی خه‌لك و چینه‌ جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگا خزی. ئه‌وه‌ی كه جێگای خۆشحاڵیه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شته زۆر به باشی ده‌نگی داوه‌ته‌وه و ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ. گه‌لێك كه‌س قسه‌یان له‌ سه‌ر كردوه و ده‌ربڕینی بیروڕا هه‌ر وا به‌رده‌وامه و دیاره ئه‌م نووسراوه‌یه‌ش هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م ڕه‌وته دایه.


ئه‌م شتانه‌ی تا ئێستا نووسراون، وا دێته به‌ر چاو كه هه‌ر هه‌موویان پێشوازی له‌م ڕه‌وته ده‌كه‌ن، واتا كه‌س گومانی نیه له پێویستی به په‌له‌ی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو، به‌ڵام له سه‌ر چۆنیه‌تی و قه‌واره‌كه‌ی بیر و ڕاكان جیاوازن، مافی خۆشیه‌تی، مه‌ترسی ئه‌وه یه كه به داخه‌وه هه‌ر له ئێستاوه كه نه‌ ڕێسراوه و نه‌پێچراوه له لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه كه هه‌ل ده‌قۆزنه‌وه و هه‌ل به‌ ده‌رفه‌تزانن و به خۆ داسه‌پاندن به‌ سه‌ر خه‌ڵك دا خۆ ده‌نوێنن و خه‌ت و نیشان ده‌كێشن، هه‌ڵوه‌شێته‌وه.



هه‌ر كه‌س به توزێك بیری دێمۆكڕاتیكه‌وه ده‌زانێت كه‌ به‌ره‌یه‌كی خۆداسه‌پاندو نه‌بوونی باشتره له بوونی و هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و ته‌نانه‌ت كێشه‌ش ده‌نێته‌وه. كوردستان پاوانی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه و به‌ره‌ی كوردستانیش ده‌بێ پێكهاته‌یه‌كی دێمۆكڕاتیك بێت له هه‌موو چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به هه‌موو جیاوازی بیر و ڕایه‌كه‌وه.قه‌تیس كردنی به‌ره‌ی كوردستانی له چوارچێوه‌ی ته‌سكی حیزب و گروپ و ده‌سته، بێ حورمه‌تی كردنه به خه‌ڵكی كوردستان و به دڵنیاییه‌وه سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌زمونی باشوری كوردستان هه‌رگیز له بیری خه‌ڵكی ئێمه ناچێته‌وه.


پێویسته له‌م به‌ره دا به پێی هه‌ل و مه‌رج نوێنه‌رانی ڕێكخراو و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌كان، ڕۆشنبیران، هونه‌رمه‌ندان، مامۆستایان، كرێكاران و وه‌رزێران و .... له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شدار بن و مه‌رجی به‌شداریش باوه‌ری به كرده‌وه به ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی كورد بێت.

July 16, 2003