Wednesday, September 28, 2005

" کچی به‌یان "


من ئه‌ڵێم:
په‌پووله‌یه‌ک فڕی به‌ باڵی سه‌وز و سووره‌وه‌
من ئه‌ڵێم:
گوڵێ به‌ ده‌م شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه‌ بزه‌ی بزووت
تۆ ئه‌ڵێی:
چ بوو په‌پووله‌یه‌ک فڕی
یانه‌ سووره‌ گوڵ، زه‌رده‌ که‌وته‌ لێوی ناسکی
من ئه‌ڵێم:
هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌وری جوانیه‌
ئه‌مڕۆ گه‌ر هه‌تاو که‌سیره‌یه‌، نه‌ماوه‌ ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان به‌ سووتمان هه‌وری لۆکه‌یی نه‌زۆک
پڕ له‌ خاڵ و قۆپه‌نه‌
جه‌نگه‌ڵێ که‌ جێژوانی پۆله‌ پۆڕی باڕی‌یه‌
جێگه‌ مۆڵی که‌متیار و گورگ و ڕێوی‌یه‌
شۆڕه‌بی که‌ بۆته‌ داری چاکی بێ نه‌شه‌ و شنه‌
زه‌لکه‌ گه‌ر ته‌یاری تیر و قۆشه‌نه‌
خۆشه‌ویسته‌که‌م،
له‌ په‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی بوومه‌لێڵه‌وه‌
چاوی من له‌ دیمه‌نی کچی به‌یانی‌یه
له‌ حه‌نجه‌ره‌ی زه‌مانه‌وه‌
گوێم له‌ زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵی خیزه‌ ورده‌کانی کانی‌یه‌
باسی شه‌و مه‌که‌ نه‌ شایه‌ری شه‌وم
باسی خه‌و مه‌که‌ له‌ لای هۆمێدی فێره‌ سه‌رڕه‌وم
به‌و ده‌مه‌ت که‌ بۆنی سه‌د به‌هاری لێوه‌ دێ
بۆنی ده‌شتی به‌ختیاری باوه‌شی چیای، به‌ ده‌ستی با
به‌ گوڵ چناوی لێوه‌ دێ
بۆنی سه‌ر سه‌کۆی به‌ کاگڵی، به‌ ئاوپژاوی لێوه‌ دێ
پێم مه‌ڵێ که‌ داکه‌وم
پێم مه‌ڵێ که‌ ئاڵی زاڵی شه‌و، چاوی بێ خه‌وی چڕه‌
پێم مه‌ڵێ نه‌هاتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی که‌ چوون
مه‌گری بۆ خه‌ساری بێ گه‌ڕانه‌وه‌
ڕێگه‌مان دوور و سه‌خت و قاقڕه‌
خۆشه‌ویسته‌که‌م،
ئێمه‌ نوێنه‌ری خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵات
ڕۆژهه‌ڵاتی سووری ئاگرین
فێر نه‌بووین به‌زین و دابه‌زین
ڕانه‌هاتوه‌ چاوی قاره‌مانی کورد
به‌ شه‌ونمی گرین
خۆشه‌ویسته‌که‌م،
له‌ په‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی بوومه‌لێڵه‌وه‌
چاوی من له‌ دیمه‌نی کچی به‌یانی‌یه‌
له‌ حه‌نجه‌ره‌ی زه‌مانه‌وه‌
گوێم له‌ زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵی خیزه‌ ورده‌کانی کانی‌یه
" سواره‌ ئیلخانی‌زاده‌ "‌‌