گۆڤاری " چشم انداز ایران " و چه‌ند قسه‌یه‌ک !
ئه‌م بابه‌ته پێشتر له " دیمانه " بڵاوکراوه‌ته‌وه.
دوو ساڵ له مه‌وبه‌ر گۆڤاری ئێرانی "چشم انداز ایران" ژماره‌یه‌کی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به کوردستان له ژێر ناوی گوماناوی " کردستان همیشه قابل کشف " دا بڵاو کرده‌وه که بریتی بوو له چه‌ند وتووێژێک له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی و چه‌ند به ناو ڕۆشنبیری کورد. هه‌ر به دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره دا، زۆر پرسیار بۆ خه‌ڵکی کوردستان ساز بوون، وه‌ک " کردستان همیشه قابل کشف " بۆ؟ و له به‌ر چی بۆته ناوی ئه‌م بابه‌ته و مه‌به‌ست چیه؟ چۆنه که کۆماری ئیسلامی ڕێگه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی کوردستان به گۆڤارێک ده‌دات؟ نووسه‌ران و که‌سایه‌تیه‌کان تا چ ڕاده‌یه‌ک ئازادی گوتنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کانیان هه‌یه؟ بۆ ئه‌م که‌سانه بۆ قسه‌کردن له سه‌ر بارودۆخی کوردستان هه‌ڵبژێردراون؟ کێشه‌ی کوردستان به باوه‌ڕێ خۆشیان دوو لایه‌نی هه‌یه، چۆنه که هه‌ر لایه‌نێک لێره دا قسه ده‌کا و خۆشیان به ڕۆشنبیر و باسه‌کانیان به باسی زانیستی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن؟
بابه‌ته‌کانی یه‌که‌م ژماره‌ی تایبه‌تی به ڕوونی هه‌وڵی لێبڕاوانه‌ی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران بۆ چه‌واشه کردنی خه‌باتی ڕه‌وای گه‌لی کورد و بردنه ژێر پرسیاری دروشم و ویسته‌کان و هه‌روه‌ها به تاوانبار نیشاندانی جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردی پێوه دیار بوو. بابه‌ته‌کان به گشتی له دوو بوار دا بوون: 1- وتووێژ له سه‌ر ساڵه‌کانی دوای شۆڕش و هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی و هه‌ل و مه‌رجی کوردستان. 2- لێکدانه‌وه‌ی به ناو زانیستی له سه‌ر بنه‌ماکانی شۆڕشی کوردستان.
له به‌شی یه‌که‌م دا ئه‌و که‌سانه‌ی به شێوه‌یه‌ک کاربه‌ده‌ستی کۆماری ئیسلامی بوون و خۆیان گوته‌نی تێکه‌ڵاوی کێشه‌ی کوردستان بوون، قسه‌یان له گه‌ڵ کراوه و بیره‌وه‌ریه‌کانیان گێڕدراونه‌ته‌وه. ئه‌م وتووێژانه ئه‌گه‌رچی زۆر به وریایی ساز دراون و ڕێکخراون بۆ پاکردنه‌وه‌ی داوێنی کۆماری ئیسلامی له جه‌نایه‌ته‌کانی و هه‌روه‌ها بێ سه‌روبه‌ره نیشاندانی جووڵانه‌وه‌ی کوردستان و تاوانبارکردنی ڕێبه‌رانی سیاسی کورد، به گشتی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، به پێچه‌وانه‌وه به ڕوونی، ڕاستی بۆچوونی خه‌ڵکی کوردستان سه‌باره‌ت به کۆماری ئیسلامی له ئه‌و کات دا نیشان ده‌دات. هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی ڕژیم و ئه‌ندامانی " هیئت حسن نیت " به ئاشکرا ده‌ڵێن که هیج زانیاریه‌کیان سه‌باره‌ت به کوردستان و ویستی ئه‌م گه‌له نه‌بوه و کۆماری ئیسلامیش هیچ پلانێکی بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه نه‌بوه. به‌ڵام له به‌شی دوو دا که به بڕوای من هۆی سه‌ره‌کی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ژماره تایبه‌تیه، نیشانه‌ی سیاسه‌تی تازه‌ی کۆماری ئیسلامیه سه‌باره‌ت به جووڵانه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی کوردستان که جێی تێڕامان و په‌ژاره‌یه. ئه‌م به‌شه بۆ بنبڕکردنی جووڵانه‌وه‌ی کوردستان له ئاستی هزری و مێژوویی هه‌وڵ ده‌دات. ئه‌م ئه‌رکه‌ش خراوه‌ته ئه‌ستۆی چه‌ند قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی به ناو ڕۆشنبیری کورد وه‌ک"احسان هوشمند"و"فاروق کیخسروی" که بێ به‌زه‌ییانه و زۆر به کارتر له داگیرکه‌ران قۆڵیان هه‌ڵماڵیوه و به که‌لێن و قوژبنی مێژووی پڕ کاره‌ساتی ئه‌م گه‌له چه‌وساوه‌یه دا گه‌ڕاون و شه‌ن و که‌ویان کردوه و گۆڕی شه‌هیدانیان کێڵاوه و له سه‌ر په‌ردووی ماڵ کاولانی باوک کوژراوی کورد له هه‌وڵی سازکردنی کۆشکێکی تر بۆ خۆیانن. به هه‌زار و یه‌ک هۆ پێداهاتوون کورد بکه‌ن به ئێرانی وناچاری بکه‌ن که شانازی به ئێرانی بوونی خۆیه‌وه بکات و کوردایه‌تی لێ بکه‌ن به" ئاوی شه‌وێ" و به شێوازی شوینیسته تورکه‌کان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بسڕنه‌وه و به پاشکۆی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی بقه‌بڵێنن و مافی مافخوازی لێ بستێنن، زمان و کولتوورومێژووی دێرینی به هیچ ده‌گرن و به نه‌زان و گێل و خێڵه‌کی ده‌قه‌بڵێنن، شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌مر به خێڵه‌کی ناو ده‌به‌ن و ئه‌و شۆڕشه مه‌زنه ده‌که‌ن به سه‌ره‌ڕۆیی خێڵێک که نایهه‌وێ ماڵیات بدات و هیچی تر، سمکۆی دلێر ده‌که‌ن به " ئاتیلا" و هیچ نه‌زان و پێشه‌وای سه‌رۆک کۆمار له‌وان خراپتر و هه‌روا دێن تا هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی. لێره دا کابرای ناسراوی ناو جۆگه‌ی سێ خه‌ت ده‌ست پێده‌کات به فڕ و فیشاڵ و پاکانه بۆ خۆی و کۆماری ئیسلامی و دزێوکردنی شۆڕشی کوردستان و ڕێبه‌رانی وجار جاره‌ش کتێبه‌که‌ی مامه‌غه‌نی به شاهید ده‌گرێ و له شتی ناراستیش ناسڵه‌مێته‌وه، کورد گووته‌نی "خۆ.... ماست نیه به لێوته‌وه دیار بێت".
ئه‌م گۆڤاره له کاتی خۆی دا زۆر قسه‌ی له سه‌ر کرا و نووسرا و زۆر که‌س وڵامی پێویستی دانه‌وه، له هه‌مووان گرنگتر و به پێزتر، وتووێژی سیاسه‌تمه‌داری به توانا مامۆستا عه‌بدوڵلا حه‌سه‌نزاده، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران له گه‌ڵ ڕادیۆ ده‌نگی کوردستان بوو. مامۆستا له‌م وتووێژه ورد و ژیرانه‌یه دا هه‌وڵ ده‌دا به‌ر له هه‌ر شتێک وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی کورد بچێته ناو بابه‌ته‌کان و له دوایه‌ش دا به حوکمی ئه‌وه‌ی که حیزبی دێموکڕات، رێبه‌ری جووڵانه‌وه‌ی کوردستانی له ئه‌ستۆ بوه و به‌شی هه‌ره زۆری ڕه‌خنه‌کانی به ناو نووسه‌رانی گۆڤاره‌که ڕووی له‌م حیزبه بوه، وه‌ک سکرتێری ئه‌م حیزبه ڕاستی ڕووداوه‌کان و هه‌ڵه مێژووییه‌کان ئاشکرا ده‌کا. بۆیه ده‌ڵێم له هه‌مووان گرینگتر له به‌ر ئه‌وه‌ی که مامۆستا خۆی شاهیدی زیندوو و هه‌ڵسوڕاوی به‌رچاوی هه‌مووی ڕووداوه‌کان بوه. وتووێژی مامۆستا زۆر به زوویی له لایه‌ن خه‌ڵکی کوردستان به شێوه‌ی سیدی و نامیلکه به هه‌موو کوردستان دا بڵاو کرایه‌وه و کاردانه‌وه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراوی بۆ کاربه‌ده‌ستانی ڕژیم هه‌بوو و به کرده‌وه هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان له چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی کوردستانی پووچه‌ڵ کرده‌وه، هه‌ر بۆیه چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی تر له ڕژیم ده‌کرا.
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش ژماره‌ی دووی تایبه‌ت به کوردستانی ئه‌م گۆڤاره بڵاو کرایه‌وه، له سه‌ر هه‌مان شێوازی پێشوو، به‌ڵام له یه‌که‌م چاوپێکه‌وتن دا ده‌رده‌که‌وێ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی وڵامدانه‌وه‌ی به‌ڕێز مامۆستا و که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ری قسه‌کانی له سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه. ئه‌گه‌رچی ده‌یانه‌وێ نیشان بده‌ن که دیالۆگ ده‌که‌ن وخۆیان ده‌که‌ن به لایه‌نێکی ئه‌م کێشه‌یه به‌ڵام له ڕاستی دا وا نیه. دیالۆگ هه‌ل و مه‌رج و که‌ره‌سه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هه‌روه‌ها دیالۆگی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی دوو شتی جیاوازن، لایه‌نی ده‌ره‌کی کێشه‌ی کوردستان واتا داگیرکه‌ران هه‌رله سه‌ره‌تاوه نیشانیان داوه که باوه‌ڕیان به هیچ شێوازێکی مه‌ده‌نی نیه و نه‌ک هه‌ر بۆ کورد به‌ڵکو له گه‌ڵ گه‌لانی تری ئێران و ته‌نانه‌ت له ناوخۆشیان دا هه‌ر زمانی سه‌ره‌ڕۆیی و دواکه‌وتویی ده‌زانن، بۆ لایه‌نی ناوخۆییش ئه‌وه دڵسۆزانی ئه‌م گه‌له‌ن که مافیان هه‌یه له سه‌ر شێوازه‌کانی خه‌بات و پێدا چوونه‌وه قسه بکه‌ن و ده‌یکه‌ن، نه‌ک که‌سانی ناسراو و .... قه‌ڵه‌م ی وه‌ک " کاک احسان" و " کاک فاروق"، خۆشیان بۆیان ده‌رکه‌وتوه که پیاوی ئه‌م مه‌یدانه نین و خه‌ڵکیش به هیچیان دانانێن، هه‌ر بۆیه شێلگیرتر له جاران که‌وتوونه‌ته په‌له‌قاژه. فاروقی کیخسروی ته‌نانه‌ت ناڕاستی له‌گه‌ل خۆشی دا ده‌کات و به پێچه‌وانه‌ی پێشه‌کی بابه‌ته‌که‌ی به ئاشکرا له هه‌وڵی ڕازیکردنی کۆماری ئیسلامی دایه و زیاتر له جاری پێشوو دژایه‌تی جوڵانه‌وه‌ی کوردستان ده‌کات و له هه‌مان کاتیش دا خۆی ده‌کات به کوێخای لاوانی کورد و ئامۆژگاریان ده‌کات که باوه‌ڕ به قسه‌کانی ئه‌و بکه‌ن و گوێ له لایه‌نی تر نه‌گرن و ده‌ست ده‌کات به هێرش کردنه سه‌ر ڕێکخراوه سیاسیه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تی حیزبی دێموکڕات و مامۆستا عبدوڵا حه‌سه‌نزاده. به‌ر له هه‌ر شتیک وتووێژه‌که‌ی مامۆستا به فارسیه‌کی لاواز وه‌رده‌گێڕیت بۆ ئه‌وه‌ی به خوێنه‌رانی فارس بسه‌لمێنێت که سیاسه‌تمه‌داری کورد شێوازی قسه‌کردن نازانێت و ده‌ڵێت که مه‌لا عه‌بدوڵا ئه‌م جاره نه‌کراوه به سکرتێری حیزب، وه‌ک ئه‌وه‌ی به شانازیه‌ک بۆ خۆی له قه‌ڵه‌م بدات که ئه‌و بۆته هۆی گۆڕانی سکرتێر له حیزبی دێموکڕات دا. کابرا هێنده داماوه که نه ئه‌و کات و نه ئێستاش له حیزبی دێموکڕات تێنه‌گه‌ییوه و هه‌ر به ڕبه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌یپێوێ، هه‌ر بۆیه کورد گوته‌نی "ئاوا حاڵی خۆشه " و بێ ئاگایه که ئه‌م حیزبه خاوه‌نی پڕه‌نسیب و قه‌واره‌یه‌کی دێموکڕاتیکه که ئه‌و هه‌ر له زمانی هاوڕێ تودهیییهکانی و له‌دواتریش مه‌لاکانه‌وه بیستوویه‌تی و نه‌یدیوه؛ شێوه وهرگێڕانهوکهشی نه‌ک هیج له گه‌وره‌یی و زانایی مامۆستا که‌م ناکاته‌وه، به‌ڵکو خۆی زیاتر ده‌شکێنێ، ئه‌گه‌رنا شاره‌زایی زمانه‌وانی و دیپلۆماسی مامۆستا بۆ دۆست و دوژمن ئاشکرایه و ده‌قی کوردی و وه‌رگێڕدراوی فارسی قسه‌کانیشی له سه‌ر سایته‌کانی ئینترنێت و ته‌نانه‌ت له شه‌قام و کۆڵانه‌کانی شاری سه‌قز له گیرفانی لاوانی کورد دا هه‌بوو و پێویست به‌م زه‌حمه‌ته‌ی نه‌ده‌کرد. له دوایه‌ش به پیچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کوردستان - خۆی گوته‌نی - ده‌که‌وێته دژایه‌تی حیزبی دیموکڕات و باسی سه‌فه‌ری که‌رکووک و هاوکاری عێڕاق و ... و دووپاته کردنه‌وه‌ی کۆنه ڕقه‌کانی خۆی و کۆماری ئیسلامی. من لێره دا ناچمه ناو ده‌قی قسه‌کانی،و بۆی هه‌یه حیزبی دێموکڕات خۆی وه‌ڵامی بداته‌وه.
له لایه‌کی تره‌وه کابرای به ناو ڕۆشنبیر " احسان هوشمند " زیاتر له سه‌ر قسه‌کانی سوور بۆته‌وه و ئه‌م جاره گه‌یشتۆته بنه‌ماڵه‌ی قازی له مه‌هاباد و پێشه‌وای نه‌مر و حیزبی دێموکڕات و ده‌یانکات به ده‌ستکردی بێگانه و بێ بنه‌مایی خه‌باتی میللی دێموکراتیکی خه‌ڵکی کوردستان و سازکردنی کێشه‌ی کوردی سوننی و شیعه و نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی ناوخۆیی به شێوه‌ی شوینیسته‌کانی مامۆستای و" ڕه‌شید یاسمی " کۆنه جاش.به ڕاستی مرۆڤی کورد ته‌نیا ده‌توانێ بڵێ به داخه‌وه بۆ گه‌له‌که‌مان که که‌سی ئاوای لێ هه‌ڵده‌که‌وێ و ده‌بێته پێش قهڕاوهڵی تاڵانچیه‌کانی ڕابردوو و ئێستای گه‌له‌که‌ی.هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کرد، له دوای ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره، به‌شێکی به‌رچاوی خه‌ڵکی کوردستان بیروڕا و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له شێوه‌ی بابه‌ته‌کان نووسی و بۆ ئه‌م گۆڤاره‌یان نارد یان لیره و له‌وێ بڵاویان کرده‌وه که ئه‌م جاره به ناچاری چه‌ند بابه‌تێک بڵاو کراونه‌ته‌وه.
ئه‌م هه‌موو شێر و که‌وڵه له پێناو چی دا؟ئه‌گه‌رچی نووسه‌رانی ئه‌م گۆڤاره په‌یتا په‌یتا باس له گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه به گشتی و کوردستان به تایبه‌تی ده‌که‌ن و خۆیان به شاره‌زای هه‌موو بواران ده‌زانن، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک ناچنه سه‌ر هۆی سه‌ره‌کی باسه‌که و لێکدانه‌وه‌ی سه‌رده‌میانه‌ی بابه‌ته‌که. لانیکه‌م به لای منه‌وه سه‌یر نیه ئه‌گه‌ر داگیرکه‌ران، گه‌لی کورد به نه‌زان و ساویلکه بزانن و بیانهه‌وێ هه‌وداکه ئاڵۆز بکه‌ن و درێژه به چهوساندنهوهکهیان بده‌ن یان خۆ له ئاستیان دا گێل بکه‌ن، به‌ڵام زۆر سه‌یره که ئه‌م به ناو زانا و ڕۆشنبیره کوردانه هه‌ر له به‌ر لۆمه‌ی خه‌ڵکیش بێت ئاوڕێک له ده‌وروبه‌ریان ناده‌نه‌وه و ئاوا ساویلکانه خۆیان ده‌که‌نه گاڵته‌جاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک.
تۆ بڵێی به راست احسان هوشمند پێی وا بێت به نووسراوه‌یه‌ک ده‌توانێ مێژوو له کورد بشێوێنێت و شێخ عۆبهیدوڵا و سمکۆ و قازی و قاسملو له دڵی خه‌ڵکی کورد ده‌ربهێنێت؟ له خۆی ناپرسێت که بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به ده‌یان ساڵ و سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵیان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک نه‌یانتوانیوه ئه‌م لێکگرێدراویه مێژوویه بپسێنن؟ به ڕاستی ئه‌وانه پێیان وایه له چ سه‌رده‌مێک دا ده‌ژین؟ خۆ ئه‌و مێژووه‌ی فاروق کیخسروی باسی ده‌کات، هێنده دوور نیه و زۆربه‌ی خه‌ڵک به چاوی خۆیان دیتوویانه و تێیدا ژیاون، ئیتر ئه‌م هه‌موو درۆ و بۆختانه بۆ چی؟ ئه‌گه‌ر خۆیان به ئازاد و ئازاده ده‌زانن، بۆ ناچنه ناو کاکڵی باسه‌که؟ ئایا مافێک به گه‌لی کورد ڕه‌وا ده‌بینن یان نا؟ ئه‌گه‌ر" نا" بۆ؟ و ئه‌گه‌ر " ئا" چۆن؟ ویستی خه‌ڵکی کوردستان زۆر ڕوون و ئاشکرایه و به هه‌موو زمانێک و له هه‌موو شوێنێک بێ پێچ و په‌نا ڕایگه‌یاندوه، پێویست ناکات ئاوا بۆی بچیه ناو باسی به ناو زانستی و کۆنه کتێبانی بۆ ههڵدهیهوه و ورده درۆی بۆ هه‌ڵبه‌ستی و به زمانێکی قه‌ڵه‌و سه‌ری خه‌ڵکی پی بهێشێنی.
گه‌لێکی به‌شخوراوی، پارچه پارچه کراوی داگیرکراو به پێی هه‌موو یاساکانی بنه‌ڕه‌تی مافی مرۆڤ و گه‌لان و له چوارچێوه‌یه‌کی ناسراو و سه‌رکه‌وتووی نێو نه‌ته‌وه‌یی دا داوای مافی خۆی ده‌کات. سه‌روبنی شۆڕشی کوردستان لێک ده‌یه‌وه، له‌م ویسته زیاتر هیچی تێدا نیه، ئه‌ی چۆنه که ئێوه لێی تێناگه‌ن؟ خۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له گۆڤاری ناوبراو دا قسه ده‌که‌ن، له ئاست شه‌هیدی نه‌مر " د. قاسملو " دا ناچار به ئیعتێراف ده‌بن و ده‌یدرکێنن که چه‌نده زانا و تێگه‌یشتوو بوه، چۆنه که لێی تێنه‌گه‌یشتن، ئه‌گه‌ر به ڕاستی ویستێک بۆ تێگه‌یشتن هه‌بوایه؟
له پێناوی چی دا کێشه‌ی کورد تا ئه‌م ئاسته دێننه خوارێ؟ مرۆڤ چۆن ده‌توانێ بێده‌نگ بێت، کاتێک ده‌بینێت کابرای داگیرکه‌ر ئاوا باسی " قاڕنێ " و کوژرانی هاوڕه‌گه‌ز و هاوزمانی ده‌کات؟ ده‌بێ چه‌نده له خۆفرۆشی دا لێهاتوو بی که پاساو بۆ له سێداره‌دانی پێشه‌وای سه‌رۆک کۆمار بهێنیه‌وه. ئه‌ی بۆ نا‌وێرن تاقه جارێکیش باسی جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی بکه‌ن؟ ئێوه که ئاوا له کیسه‌ی خه‌لیفه ده‌به‌خشن و قاسملو و شێخ عیزالدین و سه‌لاحی موهته‌دی و.... به نه‌زان و ئاژاوه‌چی ناوده‌به‌ن، بۆ نا‌وێرن باسی خڵخاڵی و ڕه‌فسه‌نجانی وخامنه‌یی و چه‌مڕان و بروجردی و... بکه‌ن؟ خۆ ئه‌وانه له دادگا نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش دا به جینایه‌تکار ناسراون!
له هه‌موو بابه‌ته‌کانی ئه‌م دوو ژماره‌یه دا بۆ جارێکیش باس له جینایه‌ته‌کانی ڕژیم ناکرێت، به‌ڵام به هه‌زار درۆ و بۆختان بۆ خه‌ڵکی کورد هه‌ڵده‌به‌سترێت و پێشمه‌رگه‌کانی پارێزه‌ری نیشتمانه‌که‌ی به چه‌ته و ڕێگر و تێڕۆریست ناو ده‌به‌ن. ته‌نیا یه‌ک که‌س " ناصر فربد " که ئه‌ویش فارسه، ده‌ڵێت که کۆماری ئیسلامی شه‌ڕی هه‌ڵگیرساند،و هه‌ر له‌وێشدا ڕێکخه‌رانی شوینیستی وتووێژه‌که خۆیان پێ ناگیرێ و به گژی داده‌چن.ئه‌ی ئێوه بۆ خۆتان له قه‌ره‌ی ئه‌م باسه نه‌داوه که کێ شه‌ڕی له کوردستان هه‌ڵگریساند؟پێم ناڵێن، ئه‌گه‌ر ئێوه گوته‌نی خه‌ڵکی کورد چه‌کی دانابایه و ئاقڵ دانیشتایه، چ چاره‌نووسیک چاوه‌ڕوانی ده‌کرد؟ ژیانیان له به‌لووچی به‌لووچستان و عه‌ڕه‌بی ئه‌هواز باشتر ده‌بوو؟ حیزبه کوردیه‌کان له حیزبی توده و فیدایی و موجاهید و ... زیاتر ڕێزیان لی ده‌گیرا؟ مامۆستا شێخ عیزالدین له تاڵه‌قانی و مونته‌زه‌ری به حورمه‌تتر ده‌بوو؟ ئه‌ی داریوشی فروهه‌ر بۆ سه‌ری تێدا چوو؟ خۆ ئه‌وانه‌ش خه‌تای بزووتنه‌وه‌ی کوردستان نه‌بوون؟ ئه‌وان کێ کڵاوی له سه‌ر نان؟ خۆ ئه‌مرۆ نه‌ک هه‌ر کورد، به‌ڵکو هه‌موو دنیا ده‌زانێت که کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی سه‌ره‌ڕۆ و خوێن‌ڕێژ و پاوانخوازه و هه‌موو بیر و ده‌نگێکی جیاواز سه‌رکوت ده‌کات و پاکانه بۆ کردنی، فارس گوته‌نی " آب در هاون کوبیدن است".
ئێوه فهرمودهنی ئه‌وه 15 ساڵه حیزبه کوردیه‌کان هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کیان له سه‌ر کوردستان نه‌ماوه و ده‌وڵه‌تی " سازندگی" و " ئیسلاحات " یش له سه‌ر کار بوون، کوا چیان کرد بۆ کوردستان؟ ڕێژه‌ی ئیعدامه سیاسیه‌کان که‌م بۆوه؟ زه‌ویه مین ڕێژکراوه‌کان پاک کرانه‌وه؟ ژماره‌ی مۆڵگه سه‌ربازیه‌کان که‌م بۆوه؟ برسی و ڕه‌ش و ڕووته‌کانی پۆشته کران؟ ڕێگا و بان و خاوێنی و پیشه‌سازی و که‌ره‌سه‌ی کشت و کاڵ یان هێنا..... ؟
سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد له نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست دا به سه‌دان ساڵه له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه ڕه‌چاو کراوه و له هه‌موو بواره‌کان دا ئاکامێکی وه‌ک یه‌کی هه‌بوه، کورد هه‌ر ماوه و هه‌ر سووره له سه‌ر مافه‌کانی. ده‌وڵه‌تی تورک 70 ساڵ حاشای له بوونی کورد کرد و ئاکامه‌که‌ی دیت. عه‌ڕه‌بی فاشیستی سووریه هێشتاش کورده‌کان به زیندوو دانانیت و ناسنامه‌یان بۆ ده‌رناکات، ڕاپه‌ڕینی قامیشلوو ئاکامه‌که‌ی نیشان دا. سه‌دام حوسه‌ین ڕووی هه‌موو کورد کوژانی سپی کرده‌وه و ئێستا به ده‌ستی دادوه‌رێکی کورد دادگایی ده‌کرێت و ئێرانیش خۆتان باشتر ده‌زانن و دواڕۆژه‌که‌ی بۆ هه‌موو که‌س ڕوونه، ئێوه نه‌بێت.
نه‌وه‌ی نوێی کوردستان له چاو باب و باپیرانی له به‌رزترین ئاستی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی دایه و دنیای له کێشه‌ی خۆی تێگه‌یاندوه و داگیرکه‌رانیش ته‌ریک ماونه‌ته‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌م سیاسه‌ته فاشیستیانه ئه‌مڕۆ نه‌ک سه‌رکه‌وتوو نابن، به‌ڵکو هه‌ر به نه‌زۆکی ده‌میننه‌وه. ئه‌و هێزانه‌ی له ڕابردوو دا نه‌یانتوانی جووڵانه‌وه‌ی کوردستان به لاڕێ به‌رن، چۆنه ئێستا بیر له به لاڕێ بردنی ده‌که‌نه‌وه؟ ئێستا که کورد له هه‌موو کات زیاتر هه‌ست به یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کات.
سه‌رده‌م گۆڕاوه و گۆڕانه‌که‌ش زۆر به توندی له دژی داگیرکه‌رانی کوردستانه و هه‌ر بۆیه‌شه ئاوا که‌وتوونه‌ته په‌له‌قاژه و له هه‌وڵی هێورکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوی کوردستان دان و ده‌یانه‌وێ به‌م ورده باسانه سه‌رقاڵیان بکه‌ن و به" ته‌شیه‌که‌ی" جاران بیڕێسنهوه، به‌ڵام کورد گوته‌نی " به سه‌ری کاکی " باوی ئه‌م شتانه نه‌ماوه. ئێستا به شایی کوردێک له سلێمانی و هه‌ولێر، لاوانی مه‌هاباد و کرماشان شایی ده‌گێڕن و له گه‌ڵ هاواری کوردێکی ئامێد و وان، خه‌ڵکی سنه و ورمێ ده‌زیڕێنن و هاوکات له گه‌ڵ لاوانی قامیشلوو، کوردان هه‌موو دنیا ده‌هه‌ژێنن.کورد ئه‌وه‌نده له گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت دا یاری پێکراوه که ئێستا بۆته یاریزانێکی لێهاتوو و به که‌ڵک وه‌رگرتن له زانستی سه‌رده‌م و ڕێبازی شه‌هیدان به شه‌قی زه‌مانه، مافی خۆی له داگیرکه‌ران ده‌ستێنێ.