ژنان، جگه‌ره و ئه‌ده‌بیات
" ئه‌م بابه‌ته پێشتر له دیمانه بڵاو بۆته‌وه"
له کۆنه فیلمێلی سۆڤیه‌تیدا به نێوی "چل و یه‌که‌م" که له‌سه‌ر ڕۆمانێكی "بۆریس لاورینۆف" و هه‌ر به‌و نێوه سازکرابوو له‌خته‌یه‌کی (سه‌حنه) تێدابوو که بۆ هه‌میشه منی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ کردوه. فیلمه‌که به‌سه‌رهاتی ژنه سه‌ربازێکی شۆخ و شه‌نگ و چاونه‌ترسی له‌شکری سووره که ده‌ره‌جه‌دارێکی قۆز له له‌شکری سپییه‌کان به دیل ده‌گرێ. ئه‌و جووته له که‌لاوه کۆنێکی ناو بیابانێکدا چاوه‌ڕوانی هه‌واڵانی ژنه ده‌مێننه‌وه. دڵی دڵۆڤانی ژنه نابێته هێلانه‌ی دوگماتیسم، و ئه‌وینی نه‌یاره ئایدۆلۆژیه‌که‌ی پڕی ده‌کات.
له به‌شێکی فیلمه‌که‌دا کاتێک کابرای دیل په‌ڕه‌سیغاری لێده‌بڕێ، ژنه به دڵئاوایی‌یه‌وه به‌نرخترین شتی ژیانی واته ده‌فته‌ری شیعره‌کانی، پێشکه‌ش ده‌کات. کابرا به شیعری ژنه جگه‌ره هه‌ڵده‌پێچێ و ده‌یانکات به دووکه‌ڵ. ده‌کرا هه‌لومه‌رجه‌که به‌پێچه‌وانه‌وه بێت؟ نا، چون ئه‌و له‌خته‌یه هه‌ر چه‌ندیش ساکار و دڵگیر بێت، ته‌نیا فیلمه و هیچی تر. به‌ڵام ئاوڕێکی سه‌مبولیکه له پێگه‌ی ژنان. ئاوڕێکی سه‌مبولیک ده‌ده‌ینه‌وه له میژووی نووسراوه‌کانی ژنان و جێگه و پێگه‌ی ژنان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ لێهاتوویی‌یه‌کانیاندا و هه‌ڵوێستی پیاوان له به‌رانبه‌ر لێهاتوویی ژنه‌کانیاندا.
به درێژایی مێژوو پیاوان هه‌ستی وێژه‌یی ژنانیان کردۆته خۆڵه‌میش و ژنان خۆیان کردۆته قوربانی چه‌ند وشه‌ی جوان. که‌م نه‌بوون گه‌وره‌نووسه‌رانی پیاو که له ئه‌سته‌مترین کاته‌کانی ژیانیاندا ته‌نیا به وره‌ی ژنه‌کانیان توانیویانه خۆیان به‌سه‌ر پێوه بگرن. بۆوێنه نادێژدا ماندلستام که شیعره‌کانی ئۆسیپ‌ی مێردی له‌به‌ر ده‌کرد و به‌م کاره‌ی به‌شێکی زۆری شیعره‌کانی له فه‌وتان ڕزگار کرد، ئه‌ویش له کاتێکدا قامکی به‌هێزی ستالین کلیلی کووژاندنه‌وه‌ی (Delete) داده‌گرت.
با بیر له هه‌موو ئه‌و ژنانه بکه‌ینه‌وه که له یه‌ک کاتدا هه‌موو شتێکن: خۆشه‌ویست، هاوڕێ، وه‌رگێڕ، گوێگر، تاریفکه‌ر، پاڵپشت، یارمه‌تیده‌ری ئابووری، تایپیست، ڕاستکه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی نووسراوه‌یه‌ک، ورووژێنه‌ری هه‌ست، هاوکارێکی پڕهه‌ست و ناسک که له یه‌ک کاتدا هه‌م سه‌بیله‌ی نووسه‌ر تژی ده‌کات هه‌م شوێنی کاره‌که‌ی بۆ هه‌ڵده‌وه‌ژێرێت. ئاشپه‌زێکی ده‌ستڕه‌نگین، به‌رپرسی ئارشیڤ و کتێبخانه‌ی نووسه‌ر، خوێنه‌رێکی شێلگیر، پارێزه‌ری ده‌ستنووسه‌کان، خوای ڕووگه ئه‌ده‌بییه‌کان، خزمه‌تکاری موزه‌ی نووسه‌ران هتد. ئا، با بیر له هه‌موو ئه‌و ژنانه بکه‌ینه‌وه.ئه‌گه‌ر به زمانی کۆمپیوته‌ر بیڵێین، ژنان به درێژایی مێژوو نووسراوه‌کانیان پاشه‌كه‌وت (Save) کردوه له کاتێکدا که پیاوان له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یاندا (Delete) بوون. زۆر له پیاوان، جا دیکتاتۆر، ده‌سه‌ڵاتدار، به‌رپرسی سانسۆر، شێت، شه‌ڕخواز، سه‌رله‌شکر، ئیمپراتۆر، سه‌رۆک و... بووبن، ڕقیان بووه له نووسراوه!
ئه‌وه‌ی که جارجاره ژنێک کوته‌گۆشتێکی له په‌ڕه کا‌غه‌زی شیعرێک پێچاوه‌ته‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو کتێبه‌ی ئیمپڕاتۆری چین، چینگ هوانگ تی، سووتاندنی، بۆ ده‌بێ بێته به‌رچاوو؟ ئه‌گه‌ر لێره و له‌وێ ژنێک ده‌فر و ئامانی له په‌ڕه شیعرێک پێچابێ له به‌رانبه‌ر ده‌یان تۆن ده‌ستنووس که "كاگ ب" له‌ناوی بردن چۆن به‌رچاو ده‌که‌وی؟ ڕه‌نگه جارێک، ژنێک به په‌ڕی کتێب ته‌ندووری داگیرساندبێ، به‌ڵام با بیر بکه‌ینه‌وه له‌و هه‌موو کتێبانه‌ی نازییه‌کان سووتاندیانن.
ژنان هه‌موو کات ڕووحی ناو ماڵی ئه‌دیبان بوون، فریشته‌ی کارزانی پشت په‌رده.
* * *
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه‌که‌مان و دووپاتی که‌ینه‌وه که مێژووی ژنان، کتێب، ئاگر و دووکه‌ڵ لێکگرێدراو و تێکهه‌ڵشێلدراون. ته‌نیا ژنه‌کان و کتێبه‌کان بوون که له سه‌رده‌می ئه‌نگێزاسیۆندا ده‌سووتێندران، پیاوان ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌میان هه‌یه له‌ناو ئه‌م خۆله‌مێشه‌ی میژوودا. سێحربازان "ژنانی خوێنده‌وار" و کتێبه‌کان "سه‌رچاوه‌ی زانست و چێژ" له درێژایی مێژووی مرۆڤدا هه‌رکات پێویست بووبێت کراونه‌ته ده‌ستکردی شه‌یتان و سووتێنراون.
ئه‌م زنجیره به خۆکۆشتنی ژنه شاعیری ئه‌مریکاییم سیلویا پڵات، کۆتایی دێت که سه‌ری خۆی خسته ناو ته‌ندوور، که بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئاگری جه‌هه‌ننه‌مه.
بۆ کۆتاییهێنان به‌م مێژووه تاڵه با ڕووداوێکی خۆش بگێڕینه‌وه:دیسان چیرۆکێکی ڕووسی، دایک و کوڕێک له شاری مۆسکۆ. دایک زۆر بۆ کوڕه‌که‌ی به‌په‌رۆش بوو، کوڕه‌یش جه‌حێڵێکی هه‌ستناسک و لێهاتوو و ئه‌وینداری شێوازی ئه‌ده‌بی پووشکین بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا، دایکی پێی وا بوو کوڕه‌که‌ی گیرۆده‌ی ده‌رمانی سڕکه‌ره، ئه‌و شته له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه دزێوترین کرده‌وه بوو و ئامانی لێ هه‌ڵگیرابوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو ڕۆژێ به دزی گیرفانی کوڕه‌ی ده‌پشکنی تا ئاخری ڕۆژێک ئه‌وه‌ی لێی ده‌گه‌ڕا دۆزییه‌وه، (تۆز)ێکی بۆری ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاو له‌نێو کوته‌کاغه‌زێکدا. ژنه ویستی کاردانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رمانه له‌سه‌ر خۆی تاقیکاته‌وه. نه‌یده‌زانی چۆن ده‌بێت به‌ڵام به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ جگه‌ره‌یه‌کی پێ ساز کرد و ئاگری تێبه‌ردا. له‌ناکاو کوڕه وه‌ژوورکه‌وت و دایکی فریای سه‌رخۆشبوون نه‌که‌وت. کوڕه هاواری کرد کوا پرێسکه‌که‌م؟ دایکی له سه‌ره‌خۆ وتی: کێشام.
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی دایکی پێی وابوو حه‌شیشه، گڵی سه‌ر گۆڕی پووشکین بوو و کوڕه به لایه‌وه پیرۆز بوو. ئه‌و ژنه له ڕاستیدا گڵی پووشکینی کرد به دووکه‌ڵ و به‌م شێوه‌یه تۆڵه‌ی ژنه سه‌ربازه‌که‌ی ئه‌رته‌شی سووری فیلمه‌که‌ی ئه‌ستاندبۆوه که کابرا شیعره‌کانی لێکرد به جگه‌ره. ئه‌م ژنه نه‌ناسراوه، "ڕه‌نگه" بێ ئه‌وه‌ی خۆی ئاگادار بێ لاپه‌ڕه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌ی له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا هه‌ڵداوه‌ته‌وه. دوباره ده‌ڵێمه‌وه "ڕه‌نگه".هه‌رچی بێ ده‌بێ سوپاسی ئه‌و ژنه بکه‌ین.
نووسینی: Dubravka UGRESIC
سه‌رچاوه: Le Monde diplomatique.
وه‌رگێڕانی: سمه ئیبراهیمی