Sunday, October 14, 2007

بنه‌ماکانی دێمۆکڕاسی

ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌، مافه‌کانی که‌مینه‌
ڕه‌نگه‌ له‌ سه‌ره‌تا دا وا بێته‌ پێش چاوو که‌ یاسای دێموکڕاتیکی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ و پارێزگاری له‌ مافه‌کانی تاک و که‌مینه‌ دژایه‌تیان له‌ گه‌ڵ یه‌کتر هه‌بێت، به‌ڵام له‌ ڕاستی دا ئه‌و دوو شته‌ جمکانه‌ و کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی دێموکراسین.


ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ که‌ره‌سه‌یه‌که‌ بۆ ڕێکخستنی حکومه‌ت و بڕیاردان له‌ سه‌ر پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگا، نه‌ک رێچکه‌ی سه‌رڕۆیی و چه‌وساندنه‌وه‌. هه‌ر وه‌ک چۆن تاقمێکی خۆداسه‌پاندوو مافی سه‌ره‌ڕۆیی و ئازار دانی خه‌ڵکی نیه‌،هه‌ر ئاواش زۆرینه‌، ته‌نانه‌ت له‌ دێموکڕاسیش دا، بۆی نیه‌ ماف و ئازادیه‌کانی که‌مینه‌ و تاکه‌کان زه‌وت بکات.


که‌مینه‌کان – به‌ هه‌ر هۆیه‌کی مێژوویی‌، باوه‌ڕی ئاینی، هه‌ڵکه‌وتی جوغرافیایی، راده‌ی داهات، یان دۆڕاندن له‌ هه‌ڵبژاردن و کێبه‌رکێی سیاسی دا- ببنه‌ که‌مینه‌ ، مافه‌ سه‌ره‌کیه‌کانیان پارێزراوه‌ و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌ڵبژێردراو و هه‌ڵنه‌بژێردراو بۆی نیه‌ ئه‌م مافانه‌یان ڵێ زه‌وت بکات.


که‌مینه‌کان ده‌بێ دڵنیا بکرێن له‌وه‌ی که‌ پێناسه‌ و مافه‌کانیان له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ده‌پارێزرێن. هه‌ر کات ئه‌و دڵنیایه‌ به‌ کرده‌وه‌ سه‌لمێندرا، که‌مینه‌کان ده‌توانن به‌شدار و چالاک بن له‌ رێکخراوه‌ دێموکراتیکه‌کانی وڵاته‌که‌یاندا.


ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی ده‌بێ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دێموکراتیکه‌وه‌ بپارێزرێن بریتین له‌: ئازادی به‌یان، ئازادی دین و باوه‌ڕ،به‌هره‌مه‌ند بوونی یه‌کسان له‌ پشتیوانی یاسا، وئازادی ڕیکخراو، ڕاده‌ربڕین، ڕخنه‌، و به‌شداری ته‌واو له‌ پرسه‌ گشتیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا.


دێمو‌کڕاسیه‌کان ده‌زانن که‌ پارێزگاری کردن له‌ مافه‌کانی که‌مینه‌ و پارستنی پێناسه‌ی کلتوری، داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ست و ویستی تاکه‌کان، وکار و باری ئایینی، له‌ ئه‌رکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیانن.


به‌ فه‌رمی ناسینی ئه‌و گروپه‌ نژادی و کلتوریه‌ جیاوازانه‌ی له‌ ڕوانگه‌ی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگا سه‌یر و نه‌ناسراون ، گرینگترین و ئاسته‌مترین کێشه‌ و ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتێکی دێموکڕاتیکن. دێموکڕاسیه‌کان له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌ جیاوازیه‌کان خه‌زێنه‌یه‌کی به‌ نرخن و گرفتی پێناسه‌، کلتور و بایخه‌ جیاوازه‌کان به‌ هۆکاری هێز، ده‌وڵه‌مه‌ندی و پۆشته‌ بوون ده‌زانن نه‌ک مه‌ترسی و قه‌یران.

له‌ ڕاستی دا وه‌ڵامێکی ڕوون بۆ چاره‌سه‌ری پرسی جیاوازی بۆچوون و بایخه‌کانی که‌مینه‌ له‌ ئارادا نیه‌،به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕوونه‌ که له‌ پرۆسه‌ی دێموکڕاتیکی لێبوردن، وتووێژ، و ویستی هاوکاری و پێکه‌وه‌سازان دا، کۆمه‌ڵگا ئازاده‌کان ده‌گه‌نه‌ هاوده‌نگیه‌ک که‌ تێیدا جمکانه‌ی دێموکڕاسی یانی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ و مافه‌کانی که‌مینه‌ هاوڕێ و ئاواڵی یه‌کتر ده‌بن.‌

سه‌رچاوه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا
و: سمایل ئیبراهیمی

Monday, October 01, 2007

100 خاڵی به‌ که‌ڵک بۆ دۆڕاندن!


سه‌رچاوه‌: ئه‌نستیتۆ دێموکڕاتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پرسه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان
و له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: سمایل ئیبراهیمی

[ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رهه‌می لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نستیتۆی دێموکڕاتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پرسه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌، ده‌قی بابه‌ته‌که‌ له‌ ژێر سه‌ردێڕی "100 پێشنیار بۆ دۆڕاندن له‌ هه‌ڵبژاردن دا" زیاتر بۆ یارمه‌تی رێکخراوه‌ سیاسیه‌کان له‌ کاتی هه‌ڵبژاردن دا ئاماده‌ کراوه‌، به‌ڵام به‌‌شێکی زۆری تایبه‌ته‌ به‌ چۆنیه‌تی ڕێبه‌ری کردنی ڕێکخراوی سیاسی به‌ گشتی، هه‌ر بۆیه به‌ له‌به‌ر چاوو گرتنی هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌تی کوردستان و ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کان هه‌وڵم داوه‌ خاڵه‌ گشتی وگرینگه‌کانی لێره‌دا کۆبکه‌مه‌وه‌ و ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ هه‌موو خاڵه‌کانی تێدا نه‌هاتوه_ و_ ]‌‌
***
1. هه‌ڵبژاردن
* له‌ ماڵێ بمێنه‌وه‌، هیچ مه‌که‌: هه‌موو که‌س حیزبه‌که‌ت و پاڵێوراوانت ده‌ناسێت، ده‌زانن چۆن بیر ده‌که‌یته‌وه‌ و ده‌نگت بۆ ده‌ده‌ن.
* گوێ مه‌ده‌ به‌ یاساکانی هه‌ڵبژاردن.

2. فێرکاری
*پالێوراوان و ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ت هه‌موو شتێک ده‌زانن، پێویست ناکات هیچیان فێر بکه‌ی و ئه‌رکه‌کان به‌ باشی ڕاده‌په‌ڕێنن.
* زۆر سه‌رقاڵی و هه‌موو شتێکیش ده‌زانی و کاتی فێر بوونت نیه و پێویستیشت به‌ زانیاری زیاتر نیه‌‌.
* وڵاته‌که‌ت و حیزبه‌که‌ت زۆر تایبه‌تی و تاقانه‌ن و بۆ خه‌م لێ خواردن نابێت.

3.ڕێکخستن و قه‌واره‌
گه‌ڵاڵه‌:
*ته‌نیا ئه‌مرۆ ببینه‌،بۆ سبه‌ی خوا که‌ریمه‌.
* قه‌واره‌ی دیاریکراوی حیزبیت نه‌بێت.
* کومیته‌ی پلاندانان بێ که‌ڵکه‌، له‌ گۆتره‌ کاره‌کان باشتر ده‌بن.
* نوێنه‌رێک به‌ ته‌نیا هه‌موو شتێک ده‌زانێت، پێویست به‌ هه‌یئه‌ت ناکات.
*کۆبوونه‌وه‌ حیزبیه‌کان زۆر بێتام و که‌ڵکن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ ڕێک و پێکی و له‌ شوێنێکی تایبه‌ت دابگیرێن، زوو زوو کات و شوێن بگۆره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامان لێیان تێک بچیت و سه‌رت ئاسوده‌ بکه‌ن.
* سه‌رکه‌وتن له‌ ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌کی دایه‌. دڵنیا به‌ هه‌موو ئه‌ندامان دژی یه‌کتربن.

بێ سه‌ره‌و به‌ره‌یی:
*هه‌رگیز که‌سانی زانا و لێهاتوو بۆ ڕێبه‌رایه‌تی دیاری مه‌که‌، باشتره‌ هه‌واڵان و هاوبیران وخزمه‌کانی خۆتان بن.
*پرس وڕا به‌ به‌ده‌نه‌ی حیزب و هاوپه‌یمانان مه‌که‌ بۆ پلان دانان.
* گوێ مه‌ده‌ به‌ قسه‌ی "ستالین": متمانه‌ پێ کردن باشه‌ به‌ڵام کۆنترۆل کردن باشتره‌ .
*که‌س به‌رپرسی پێوه‌ندی ناوخۆیی نه‌بێ.
*قه‌ت هیچ مه‌نووسه‌ به‌تایبه‌ت ڕێو شوێنه‌کان، تێکه‌ڵ پێکه‌ڵتر بێت باشتره‌.

بێ متمانه‌یی:
*هه‌موو که‌س مافی هه‌یه‌ هه‌موو شتێک بزانێت.
*ئه‌گه‌ر هه‌واڵێکی ناخۆشت پێگه‌یشت به‌ هه‌مووانی بڵێ، زۆر قازانجه‌.
*هه‌موو نه‌هێنیه‌کانت به‌ دژبه‌ره‌کانت بڵێ.

پاره‌:
*پاره‌ پێویست نیه‌، یارمه‌تی کۆکردنه‌وه‌ بێکه‌ڵکه‌.
*باشتره‌ پاره‌ له‌ به‌ر ده‌ست بێت، به‌شی ماڵی ده‌بێته‌ هۆی ژانه‌سه‌ر.

پێوه‌ندیه‌کان:
*ڕێکخه‌ری کار و باری سیاسی پێویست نیه‌.
*به‌رپرسی ڕاگه‌یه‌نه‌ گشتیه‌کان پێویست نیه‌.
*وته‌بێژی فه‌رمی بێ خێره‌، با هه‌ر نه‌بێ یان با چه‌ند که‌س بن و هه‌ر که‌س بۆ خۆی بێژێ.
*که‌س به‌رپرسی ته‌بلیغات نه‌بێ، که‌س مافی ته‌بلیغاتی پێ نه‌درێت.
* ته‌بلیغات با به‌ دڵی خۆت بێت و پێویستت به‌ پسپۆڕ و شاره‌زای ته‌بلیغات نیه‌.

پێوه‌ندی ده‌ره‌کی:
*که‌س به‌رپرسی پێوه‌ندی ناوخۆیی حیزب و هاوپه‌یمانان نه‌بێت.
*که‌س به‌رپرسی پێوه‌ندی به‌ حیزبه‌کانی تر نه‌بێت.

4. ستراتژی:
*لێکدانه‌وه‌ت نه‌بێ له‌ سه‌ر کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا، هیچ گرینگ نیه‌ خه‌ڵک چۆن بیر ده‌کاته‌وه‌، خۆت باشتر ده‌زانی.
*پلاتفۆڕم شتێکی بێ که‌ڵکه‌.
*هیچ گرینگ نیه‌ حیزبه‌کانی تر چ ده‌ڵێن.
*دژ به‌ره‌کانت ناتوانن باش بیر بکه‌نه‌وه‌.

5.ستراتژی پێوه‌ندیه‌کان:
*به‌رهه‌مه‌کانت شێ مه‌که‌وه‌.
*داوای هیچ شتێک له‌ هیچ که‌س مه‌که‌ ، ته‌نانه‌ت بۆ هاوکاری.
*که‌ڵک له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ گشتیه‌کان وه‌رمه‌گره‌.
*قه‌ت خۆت ئاماده‌ مه‌که‌ بۆ چاوپێکه‌وتن و قسه‌ کردن.
*بۆت گرینگ نه‌بێت ڕۆژنامه‌وان و هه‌واڵنێره‌کان چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه‌.
*بۆ ده‌بێ له‌ 30 چرکه‌ دا قسه‌ی 30 خوله‌ک بکه‌ی؟
*بێ موبالات به‌،خێرا قسه‌کانت بگۆڕه‌، باش نیه‌ هه‌ر یه‌ک په‌یام بڵێیه‌وه‌.
* هه‌موو شتێک به‌ هه‌موو که‌س بڵێ، به‌تایبه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌وانان.
* ئه‌گه‌ر بۆت ده‌کرێ درۆ بکه‌،ئه‌گه‌ریش نا هه‌وڵ بده‌.

6.کۆتایی:
*خه‌ڵک ئێوه‌ی خۆش ده‌وێت وئیشتان بۆ ده‌که‌ن، هه‌رگیز مه‌ڵێ سپاس، دڵخۆشی لایه‌نگران مه‌ده‌وه‌.
* هه‌موو کات ده‌توانن ئه‌م پێشنیارانه‌ به‌ کار بێنن، باوه‌ڕمان پێ بکه‌ن، ته‌نیا چه‌ند له‌و پێشنیارانه‌ زۆر به‌ باشی ده‌بنه‌ هۆی دۆڕاندن.

+ڕاسته‌ خاڵه‌کان 100 نین، چاوه‌ڕوانین ئێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌کانتان ته‌وای بکه‌ن........!!!!